چرووسک

ماڵپەری هەواڵ

سەرەتایەکی نوێ

هەواڵی گەرمی رۆژ لە ئێمە ببیستە

گشتپرسیی سەربەخۆییی باشووری کوردستان (٢٠١٧)


گشتپرسیی سەربەخۆییی باشووری کوردستان (٢٠١٧) ڕێفراندۆمێک بوو لە ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠١٧ لە باشووری کوردستان کرا. سەرەتای دروستبوونی دەنگۆی ئەنجامدانی ڕێفراندۆم دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٤ کاتێک ناکۆکی لەنێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق دروست بوو و لەلایەکی دیکەیشەوە شەڕی داعش لە عێراق دەستی پێکرد.

دیاریکردنی ڕۆژی ڕێفراندۆم دەگەڕێتەوە بۆ ٧ی حوزەیرانی ٢٠١٧ لە کۆبوونەوەیەکدا کە مەسعوود بارزانی سەرۆکی پێشوی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی باشووری کوردستان لەوانە پارتی، یەکێتی، یەکگرتووی ئیسلامی، بزووتنەوەی ئیسلامی، سۆسیالیست، شیوعی کوردستانی، زەحمەتکێشان و بەرەی تورکمانی و کەمایەتییەکان کۆبوونەوە و بڕیاریان لە ئەنجامدانی ڕێفراندۆمەکە دا و ڕۆژی کردنیشی دیاری کرا

بەپێی ڕاپۆرتێکی فرانس ٢٤، سەرۆککۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکان، دۆناڵد ترامپ بڕیاری دەرکرد کە داوا لە مەسعوود بارزانی بکات کە گشتپرسییەکە دوابخات، بەڵام ئەو ئەم داواکارییەی ڕەت کردەوە و سوور بوو کە گشتپرسی لە ٢٥ی ئەیلوولدا دەست پێ دەکات بەبێ گوێدان بەو دەسەڵاتانەی کە دژی ئەم بڕیارە وەستاون. ئەو وتیشی کە ھەر ھەوڵدانێک بۆ ڕاگرتنی گشتپرسییەکە شەڕی خوێناوی لێ دەکەوێتەوە و ھێزەکانی پێشمەرگەش بەرامبەر بە ھیچ ڕێگرییەک لەلایەن ھێزەکانی عێراقەوە بێ ھەڵوێست نابن.لە چاوپێکەوتنێکی تریشدا ئەو وتی کە ئەم بڕیارە بە ھیچ شێوەیەک پوچەڵ ناکرێتەوە و خەڵکی کوردستان ھەلێکیان پێ دەدرێت بۆ بڕیاردان لەسەر چارەنووسی خۆیان. ڕوونی کردەوە کە دوای گشتپرسییەکەش گفتوگۆ لەگەڵ دەسەڵاتدارانی بەغداد دەکەن تاکو بە ئاشتی بە ئەنجامێک بگەن.